دەقی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی گروپی ئاشتی بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی پێشێلکارییە دەروونییەکانی کەناڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی                             

سلێمانی قاوەخانەی کلتوری ، 6-10-2012
وەک ئاگادارن ئێمە لە گروپی ئاشتی بۆ پرسە دەروونی و کۆمەلایەتییەکان، لە کۆتایی مانگی هەشت بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە، تیادا داوامانکرد کەناڵەکان تەلەفزیۆنی چ ئاسمانی یان ناوخۆیی، لەکاتی پەخشکردنی دراماو فیلمی توندوتیژ و خوێناوی لەسەری بنوسن کە تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە و رامانگەیاند کە هەرکەناڵێک دیمەنی توندوتیژ و خوێناوی نیشانبدات ، ئەوا وەک پێشێلکاری تۆماری دەکەین.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کۆمانکردووتەوە پێشێلکاری کەناڵەکان بەمشێوەیە بووە:
1- هەندێک کەناڵی ئاسمانی زۆرترین رێژەی پێشلێلکارییان کردووە، ئەویش لە کاتی پەخشکردنی درامای دۆبلاژکراودا، کە پڕبوون لە توندوتیژی و خوێن و کوشتن.
2- هەندێک کەناڵی دیکە بەشێوەی بچڕبچڕ پێشێلکارییان ئەنجامداوە، بۆ نمونە لە کاتی پەخشکردنی هەواڵەکان لەکاتی نیشاندانی دیمەنی توندوتیژ نەیاننوسیوە تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە.

ئێمە لەئێستادا ناو و داتای ئەو کەناڵانە بڵاوناکەینەوە کە پێشێلکارییان کردووە، لەبەرئەوەی ئیتجاهی کارکردنمان گۆڕاو و لەکاتی کارکردنمان لەسەر ئەم پرسە بۆمان روونبوویەوە کە لەگەڵ ئەوەی ئێمە خاوەن پەرلەمان و دەزگای یاسادانین ، بەڵام لەم پرسەدا بۆشایی و کەلێنی یاساییمان هەیە و یاسا یان بڕیارێکی کارپێکراو نییە بۆ لێپرسینەوە لە کەناڵەکان لەکاتی نیشاندانی ئەو جۆرە فیلم و درامایانە. بۆیە ئێمە لەمەودوا کاردەکەین لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆئەوەی یاسا و بڕیارێکی لەو چەشنە هەموار بکرێت و بخرێتە کارەوە، کە ئەم خاڵانە لەیاساکەدا بچەسپێندرێت.
1- کەناڵەکان لە هەرکاتێک فیلم و دیمەنی توندوتیژ و خوێنڕشتن نیشان دەدەن مەرجە لەسەر بنوسن تەماشاکردنی بۆ مندال شیاونییە.
2- لەکاتژمێر حەوت بۆ دەی شەو بەهیچ جۆرێک فیلمی توندوتیژ و خوێنڕشتن نیشان نەدەن، بەڵکو لەوکاتانەدا کاربکەن لەسەر پەخشکردنی بەرنامەی منداڵان و بەرنامە و بابەتی ئاشتی و پێکەوەژیان و پەروەردەیی و خێزانی.
3- لەکاتی هەواڵەکان جەستەی کوژار و خوێنڕشتن نیشان نەدەن، بەڵکو ئاماژە نیشان بدەن وەک وینەی شار یان ئەو شوێن و گەرەکەی کە رووداوەکەی تیا رووداوە.
4- لەکاتی سەرپێچیکردن لەو خاڵانەی سەرەوە و کاتێک کەناڵێک بابەتێکی خراپ پێشکەشدەکات پێویستە غەرامە بکرێن و سزابدرێن، هەروەک چۆن چێشتخانەیەک کە خوادنێکی خراپ پێشکەشدەکات غەرامە دەکرێت و سزادەدرێت.
5- دانانی ژمارەیەکی تەلەفۆنی و هێڵێکی گەرم ، بۆ سکاڵاکردن لەسەر ئەو کەناڵانەی کە دیمەنی توندوتیژ و خوێنڕشتن نیشان دەدەن و لەسەری نانوسن تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە.

جێی خۆیەتی ئاماژەبەوەبدەین کە ئێستا هەندێک لەکەناڵەکان بەدەم داواکەمانەوە هاتوون و لەکاتی پەخشی درامای توندوتیژ و خوێناوی دەنوسن کە تەماشاکردنی بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 17 ساڵ کەمترە شیاو نییە، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نییە.. چونکە دەمانەوێت لە کاتژمێر حەوت بۆ دەی شەو دراما و دیمەنی توندوتیژ و خوێناوی پەخشنەکرێت.
بەڵام تائێستا هەندێک کەناڵ ماون کە دراماو دیمەنی خوێناوی پەخشدەکەن و هیچ حساب بۆ هەستی بینەرانیش ناکەن و رێز لە هەستی بینەران ناگرن و لەسەری ئەو دراما خوێناویانە نانوسن کە تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە، دەپرسین لەو کەناڵانە بۆچی لەسەر ئەو جۆرە دراما و دیمەنانە نانوسن تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە؟
ئێمە لە راپرسییەکدا، پرسیومانە: بۆ هەندێک کەناڵ لەکاتی نمایشی فیلمی توندوتیژ و خوێنڕشتن نانوسن بۆ منداڵ شیاو نیە؟ چەند هەڵبژاردەیەکمان خستەروو، کە بریتبوون لە:
– دەیانەوێت برەوبدەن بە هزر و رەفتاری توندوتژ.
– دەیانەوێت دنیای پاکی منداڵانی کوردستان بشێوێنن.
– نازانن ئەو کارەیان مەترسی هەیە بۆ منداڵ.
زۆرینە وەڵامیان داوەتەوە بەوەی کە (کەناڵەکان نازانن ئەو کارەیان مەترسی هەیە بۆ منداڵ)، بەراستی ئەوەش جێی پرسیار و هەڵوێستەکردنە، چۆن دەکرێت کەسانێک لە کەناڵەکان کاربکەن و نەزانن کە پەخشکردنی درامای توندوتیژ و خوێناوی کاریگەری سلبی هەیە لەسەر دەروون و رەفتارو کەسێتی منداڵان!!!
ئەو کەناڵانەی کە دیمەن و درامای توندوتیژ و خوێناوی پەخشدەکەن و لەسەری نانوسن تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاونییە، ئەبێت چ مەبەست و بەرژەوەندییەکان هەبێت لەو نەنوسینەدا ؟ !
ئێمە سوپاسی رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی رۆژنامەوانی لەسەر ئەم پرسە، ئێستا هۆشیاریەکی کۆمەڵایەتی و خێزانی دورستبووە، هەندێک خێزان رێگەنادەن منداڵەکانیان تەماشای ئەو جۆرە دراما خوێناویانە بکەن و خۆشیان تەماشای ناکەن لەبەرخاتری منداڵەکانیان.

داواکاریمان لە کەناڵەکانی راگەیاندن :
1- هەموو کۆمەڵگایەکی تەندروست، راگەیاندنێکی تەندروستی هەیە. بۆیە داواکارین لە کەناڵەکان لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەتی تەندروست و چەسپاندنی ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگاکەماندا، کاربکەن لەسەر پەخشکردنی فیلم و بابەتی پێکەوەژیان و ئاشتی نەک بڵاوکردنەوەی فیلم و درامای خوێناوی و ئەوانەی ململانێکان بە توندوتیژی یەکلادەکەنەوە.
2- منداڵانی کوردستان نەوەی دوارۆژی میللەتەکەمانن، پێویستە کەشی منداڵانەیان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ پەروەردەکردنیان، نەک ناچاربکرێن تەماشای فیلمی گەورەساڵان بکەن و لاسایی ژیانی گەورەساڵان بکەنەوە، لەبری ئەوە داواکارین کاتی بەرنامەی منداڵان زیادبکرێت و تەنها نیوکاتژمێر نەبێت.
3- تکایا رێز لە هەست و دەروونی بینەران بگرن و پێش نیشاندانی هەر دیمەنێکی توندوتیژ و خوێناوی بینەران ئاگاداربکەن لە مەترسی تەماشاکردنی دیمەنەکە. ئەو هەواڵ و فیلمانەی کە توندوتیژ و خوێنڕشتنی تیایە، لەهەر کاتێک پەخشی دەکەن، لەپێش پەخشکردنی لەسەری بنوسن کە بۆ منداڵ و ئەوانەی کە لە رووی دەروونییەوە زیانیان پێدەگات تەماشاکردنی شیاو نییە.
4- تکایا هێمای 18+ و 13+ روونبکەنەوە، چونکە هەندێک وادەزانن کە لۆگۆی ئەو کەناڵەیە کە فیلمەکەی لێوە وەرگیراوە.
5- کەناڵەکان رۆڵی بنەڕەتییان هەیە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی ، بۆیە بەرپرسیارن بەرامبەر چۆنێتی ژیانی ئێستا و ژیانی نەوی داهاتوو.

پەیاممان بۆ دایکان و باوکان:
1-کەناڵەکان رۆڵی بنەڕەتییان هەیە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان، بۆیە چاودێری ئەو وانانە بکەن کە منداڵەکانتان لە تەلەفزیۆن و سێدیی و ئینتەرنێتەوە فێری دەبن.
2-بەتوێژینوەی زانستی سەلماوە کە لەسەدا شەستی ئەو نەوجەوانانەی بەندکراون، بیرۆکەی تاوانەکانیان لە تەلەفزۆین و فیلمەکانەوە وەرگرتووە.
3- منداڵ وەک چۆن کاریگەر دەبێت بە خواردنی خراپ و نەخۆش دەکەوێت، بەهەمانشێوە بە تەماشاکردنی درمای ناپەروەردەیی و توندوتیژ و خوێناوی دەروونیان نەخۆش دەکەوێت و کەسایەتییان لاواز دەبێت.
4-توانا عەقڵی و دەروونییەکان لای منداڵ پێنەگەیشتووەو زۆربەی رەفتارەکانی بەهۆی لاساییکردنەوە ئەنجامدەدات، بۆیە تەماشاکردنی درامای توندوتیژ و خوێناوی رۆڵی سلبی دروستدەکات لەسەریان ‌و وایان لێ دەکات کە لاسایی دیمەن‌و مەشهەدە توندوتیژەکان بکەنەوە‌و کاری توندوتیژ ئەنجامبدەن، و زیان بەیەکتر بگەیەنن، بێئەوەی هەستبکەن کە رەفتارەکەیان زیانبەخشە.
5-ئەو منداڵانەی کە تەماشای درامای توندوتیژ و خوێنڕشتن دەکەن ، وا بیردەکەنەوە کە تاوانکار دەشێت لە دەست دادگا رزگاری ببێت، بۆیە ئامادەیی تاوانکردن لای ئەو منداڵانە زیاددەکات.
6-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندوتیژ و خوێناوی دەکەن، وا بیردەکەنەوە کە ئەنجامدانی توندوتیژی شتێکی ئاساییە لە ژیاندا و ئامادەییان تیادەبێت بۆ لاساییکردنەوەی توندوتیژییەکان.
7-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندویژ و خوێناوی دەکەن، دنیای خەیالی نێو فیلمەکان و دنیای واقعی ژیانیان لێ تێکەڵ دەبێت .
8-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندویژ و خوێناوی دەکەن، هەست بە ئازاری کەسانی دیکە ناکەن، بۆیە ئامادەیییان تیایە ئازاری کەسانی دیکە بدەن بەبێ هەستکردن بە ئازاری کەسەکان.
9-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندویژ و خوێناوی دەکەن، کەسایەتی لاواز و شەرەنخوازیان لێ دروست دەبێت.
10-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندویژ و خوێناوی دەکەن، باری دەروونیان دەشێوێت و خەوی ترسناک و دڵتەنگ دەبینن.
11-ئەو منداڵانەی کە تەماشای دراماو فیلمی توندویژ و خوێناوی دەکەن، توشی فشاری دەروونی دەبن و هەست بە دڵتەنگی و خەمباری دەکەن.
12-دایک و باوکی بەڕێز، تکایا لەبەر پاراستنی دەروون و کەسێتی منداڵەکەت ، لەبەرچاوی منداڵەکەت تەماشای فیلم و درامای توندوتیژ و خوێناوی مەکە.
13-دایک و باوکی بەڕێز، منداڵەکەت بپارێزە لە تەماشاکردنی فیلم درامای توندوتیژ، چ توندوتیژی گوفتاری یان رەفتاری، چونکە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر رەفتار و کەسێتی منداڵەکەتان.
14-ئاسایی بوونەوەی تەماشاکردنی درامای توندوتیژ و خوێناوی لاداناێکی مەترسیدارە لە ژیانی منداڵدا.
15-دایک و باوکی بەڕێز، منداڵەکەتان بپارێزن لە شمشێر و کەرەستە خوێناوییەکانی کەناڵەکانی تەلەفزۆین.

هاوڕیان،
ماوەی کەمتر لە دوو مانگە گروپەکەمان پێکهێناوە و دەستمان کردووە بەم کار و پرۆژانە:
1-ئامادەکردنی دوو ریکلامی کورت بەڤیدیۆ، بۆ هەڵمەتی هۆشیاری دایکان و باوکان تا منداڵەکانیان بپارێزن لەمەترسی تەماشاکردنی داراما و دیمەنی توندوتژ و خوێناوی.
2-کارکردن لەسەر پرۆژە یاسایەک بۆ کەناڵەکاتی تەلەفزیۆن لەبارەی چۆنێتی پەخشکردنی فیلم و بەرنامەکانیان بە جۆرێک کە زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە.
3-پرۆژەی داتابەیزی توێژەران بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، کە هەڵدەسین بە تۆمارکردنی ناوو و ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەو بوارەی کە دەتوانن تیادا لێدوان بدەن بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، کە ئەوە کێشەیەکی گەورەی رۆژنامەنووسانە، کە توێژەریان دەست ناکەوێت لەسەر پرسە جیاجیاکان لێدوان و روونکردنەوەیان بۆ بدات، بۆیە هەستاین بەو کارەو تا ئێستا نزیکەی 25 توێژەر خۆیان ناو نوس کردووە.
هەموو ئەو کارانە بە خۆبەخشی دەکەین بەهیوای هاوکاری و پاڵپشتی لە هەموو ئەوانەی دەتوانن دەستبار و هاوکارمان بن.

سوپاس بۆ هاوکاریتان
گروپی ئاشتی بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان
سلێمانی، 6-10-2012

Groupi.ashti@gmail.com
ژمارە مۆبایل: 07702201898

لە فەیسبووک Groupi Ashti
http://www.facebook.com/GroupiAshti